سەرچاوەکانی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاند لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و عەرەبستان بۆ سەر بنکەکانیان لە عێراق، ٥ ڕاوێژکاری ڕێژیمی ئێران کوژراون.
پەیامنێرانی هەواڵدەریی "فرانس پرێس" لە بەغدا ئاماژەیان بەوە داوە لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکاندا، تابووتی داپۆشراو بە ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بینراون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئەندامانەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە هێرشێکدا بۆ سەر پارێزگای دیالە کوژراون.
هاوکات هەواڵدەری حکوومەتیی "مێهر" کوژرانی ٤ ئەندامی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.
هەروەها، میدیاکانی ڕێژیم باسیان لە گواستنەوەی بریندارەکان لە ڕێگەی سنووری خۆسرەوییەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئێران کردووە.
پێشتر حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو کە لە ئاکامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و عەرەبستان، لانیکەم ۲۰ چەکدار کوژراون و ۳۲ی دیکەش بریندارن.
لە بەرانبەردا و لە هەنگاوێکی چەواشەکارانەدا، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدا ڕێژیم ڕۆژانە بە هێرشی دڕۆنی و مووشەکی سەروەریی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، ئەو هێرشەی مەحکووم کرد و بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.