کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی ئێران بووە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی ترامپ و نێتانیاهوو لە کۆشکی سپی

10:11 - 8 گەلاوێژ 2726

پرسی ئێران و داهاتووی ڕووبەڕووبوونەوەکان بووە تەوەری سەرەکیی لە دیداری ۹۰ خولەکیی نێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، لەم کۆبوونەوەیەدا نێتانیاهوو گومانی خۆی سەبارەت بە سەرکەوتنی هەرجۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان لە ڕێگەی ئامرازی جۆراوجۆر کردەوە.

لە ڕەوتی دانوستانەکاندا سێ بژاردەی سەرەکی بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی واشنگتۆن بەرانبەر ئێران خرانە ڕوو، کە بریتی بوون لە: "هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەردەوامیدان بە گەمارۆی دەریایی و زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان و دەستپێکردنەوە و چڕکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات تەنیا کارتی گوشاری خۆی کە گەرووی هۆرمۆزە بەکار بهێنێت، لە کاتێکدا ئابووریی وڵاتەکە لەژێر داڕمان و گوشارێکی بێوێنەدایە.

ئاکسیۆس هەروەها لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی بەرانبەر سەرجەم پرسەکان هەڵوێستێکی زۆر نەرێنیی هەیە، بەڵام ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە کە هێشتا ڕوون نییە ئایا لە کۆتاییدا ناوبراو بڕیارە یەکلاکەرەوەکان دەدات یان نا.