وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا قۆناغێکی نوێی سزاکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند، کە تێیدا دوو دامەزراوەی تۆمەتبار بە "سەندنی باجی زۆرەملێ لە گەرووی هۆرمۆز" و زنجیرەیەک شیرکەت و کەشتیی پەیوەندیدار بە تۆڕی نادیاری نەوتی ئێران"ی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگەیەندراوی واشنگتۆن، تاران لە ڕێگەی شیرکەتەکانی "پێرشیەن گۆلف مارین ئینشوورنس" و "هورمزسیف مارین" کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە بیمەی زۆرەملێ بکڕن تا داهاتەکەی بۆ چالاکییەکانی سپای پاسداران تەرخان بکات.
هاوکات نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە بیانییەکان (OFAC) هەشت کەشتیی نەوتهەڵگری بەناوەکانی "وێل سیڵ، لیلی، ئەلسەلمی، بریز ٥، ناتسومی، کریستال، نیرتا و یێیهۆپ" کە لە گواستنەوەی چەندین میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بۆ چین و ئیمارات ڕۆڵیان هەبووە، سزا داوە.
هاوکات، OFAC چەندین شیرکەتی کەشتیوانیی نیشتەجێ لە هۆنگ کۆنگ، چین و دوورگەکانی مارشاڵی بەهۆی چالاکییان لە کەرتی نەوتی ئێراندا سزا دا.
ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٠٠ کەشتیی سەر بە تۆڕی نادیاری نەوتی ئێرانی گەمارۆ داوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە ڕێژیمی ئێران بەهۆی هەڵاوسانی سێ ژمارەییەوە لە تەنگژەی داراییدایە، بەڵام واشنگتۆن ڕێگە نادات بازرگانی جیهانی بە بارمتە بگرێت یان لە کوشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی تێرۆریزم، دەستدرێژی و سەرکوتی سپای پاسداران کەڵک وەربگرێت.