کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جارێکی دیکە لەلایەن ناحەزان و دوژمنانەوە ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەردرا

11:10 - 8 گەلاوێژ 2726

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوووە دارستان و لێڕەواری بەرزاییەکانی پاتاق لە سەرپێڵ زەهاو و چەند شوێنێک لە مەریوان لەنێو ئاگری دوژمنانی کوردستاندا دەسووتێت و کارەساتی ژینگەیی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژەوە  ئاگر لە دارستان و لێڕەوارەکانی بەرزاییەکانی پاتاق لە شاری سەرپێڵ زەهاوی کرماشان بەردراوە و ڕێژەیەکی زۆر لە دار بەڕووەکانی ئەو دەڤەرە هاوکات لەگەڵ شوێنی ژیانی دەیان جۆر ئاژەڵدا سووتاون.

سەرەڕای هەوڵی بێوچانی دۆستانی ژینگە و چالاکانی ژینگەپارێزی هەڵدێربوونی ڕێگەوبان و زۆریی پووش و پاوانی ئەو ناوچەیە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرەی دژوار کردووە و ژینگەپارێزانی لەگەڵ کێشەیەکی گەورە ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان ‌هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی دەوروبەری شاری مەریوان ئاگری تێبەر دراوە و بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان و خەڵکی ئەو شارە، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و پێش بە سووتان و زیانی زیاتری ژینگەی کوردستان بگیردرێت.

شایانی باسە لە هەردوو ڕووداودا، ناوەند و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم نەک هەر یارمەتیدەر نەبوون بەڵکوو لە شاری مەریوان لە کاتی گەڕانەوەی ژینگەپارێزان لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، لەلایەن بەکرێگیراوێکی ڕێژیمەوە پێشیان پێ گیراوە و ئازار و ئەزیەتی چەند ژینگەپارێزێکی داوە.

شایانی باسە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەوە چەندەمین جارە کە ئاگر لە ژینگەی کوردستان بەردەدرێت و هەوڵەکان بۆ کاولکارکردن و سووتماکی ژینگەی سەوزی کوردستان بەردەوامە، بەڵام هەوڵ و ماندووبوونی خەڵکی چاوکراوەی کوردستان ڕێگە نادات کە ئەو پیلانە دوژمنکارانەی ڕێژیم زیان بە نیشتمانەکان بگەیەنێت.