کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان لە ڕەوتی شەڕفرۆشی و چەتەیی لە دەریای سوور بەردەوامن

11:17 - 8 گەلاوێژ 2726

وەزیرێکی حکوومەتی دانپێدانراوی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، چەکدارانی حووسی بەوە تاوانبار کرد کە بە ڕێنوێنی و هاوکاریی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی سیستەمی کۆکردنەوەی باج لەو کەشتییانەن کە بە دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەبدا تێدەپەڕن.

موعەممەر ئەریانی، وەزیری زانیاریی یەمەن، کردارەکانی حوسییەکانی بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناو برد و ڕایگەیاند: "ئەو گرووپە مەبەستی ئەوەیە کە یەکێک لە ستراتێژیترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بۆ سەرچاوەیەکی هەمیشەیی دابینکردنی پارە بەمەبەستی پەرەپێدانی چالاکییە سەربازی و کردەوە تیرۆریستییەکانی بگۆڕێت".

ئەریانی بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەی بە هەوڵی تێکدەرانەی سپای تێرۆریستیی پاسداران کرد و ڕایگەیاند: "سپای پاسدارانی ئێران لە بەڕێوەبردنی ئەو هەنگاوەدا یارمەتیی ڕاستەوخۆی حوسییەکان دەدات".

ناوبراو زیادیشی کرد کە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن شارەزا و ڕاوێژکارانی سپای پاسداران ڕاستەوخۆ لە دابینکردنی سەرچاوە تێکنیکی و کارگێڕییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەشدارن.

نیگەرانیی جیددیی وڵاتانی کەنداو لەو پێوەندییەدا زیادی کردووە و پێیان وایە حوسییەکان دەیانەوێت سێناریۆی ڕێژیمی ئێران لە گەرووی هۆرمۆز لەڕێگەی دەسبەسەرداگرتنی دەسەڵات بەسەر تەنگەی بابولمەندەبدا دووبارە بکەنەوە و ئەم هەنگاوەیان بە مەترسیی بۆ سەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی لەقەڵەم داوە.

لە یەک حەفتەی ڕابردوودا، حوسییەکانی یەمەن بە بڕیاری فەرماندەکانی سپای پاسداران گەمارۆی دەریاییان خستە سەر عەرەبستان و دواتر دوو کەشتیی بازرگانیی ئەو وڵاتەیان بە پاساوی سەرپێچی لە گەمارۆکان کردە ئامانج و دواتر ئەو کردەوە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەیی و جیهانییەوە بە توندی مەحکووم کرا.