ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە، هێرشە دڕۆنییەکەی سەر بەندەری "دەمیات" لە میسر بە مەبەستی نیشاندانی تواناکانی تاران ئەنجام دراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە ئامانج لەم هێرشە گەیاندنی ئەو پەیامە بووە کە ئەگەر ئێران بڕیاری ئاڵۆزکردنی دۆخەکە بدات، دەتوانێت ئاستەنگی زۆر گەورەتر بۆ کەشتیوانیی جیهانی و دابینکردنی وزە لە ناوچەکەدا بنێتەوە.
لە کاردانەوەدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند لەسەر ئەم تەقینەوەیە زانیاریی پێدراوە و بە ناڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرسیاری پەلامارەکە زانی. ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە واشنگتۆن وڵامێکی زۆر قورس بە تاران دەداتەوە.
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەوە لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، زۆربەی شیرکەتە نێودەوڵەتییەکان ڕێڕەوی دەریای سوور و کەنداویان جێهێشتووە.
ئێستاش بەم هێرشە نوێیە بۆ سەر کەشتیی ئەمریکایی "ئێنێرگۆس وینتێر" لە دەریای سپیی نێوەڕاستدا، مەترسییەکان گەیشتوونەتە بەندەرەکانی میسریش و ئەگەرچی هێرشەکە زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام هاوکێشەی ئەمنییەتی دەریایی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی چوارشەممە لە زاری شیرکەتی ئەمنییەتی دەریایی "ئامبری" ڕایگەیاند کە کەشتییەکی ئەمریکایی تایبەت بە کۆگاکردن و گۆڕینی گازی سروشتیی شل، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی دڕۆنی.