کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارەکە زۆر باشتر بوو

23:29 - 12 پووشپەڕ 2726

دارسمە

ئەم زمانەی ئێمە شتێکی سەیر و سەمەرەیە؛ پڕە لە تەڵەی بچووک و گەورە. بۆ سەلماندنی ئەمەش، تەنیا سەیری ڕستەی سەردێڕی ئەم بابەتە بکەن. کاتێک خوێنەر چاوی بەم سەردێڕە کورت و ماناشێوێنە دەکەوێت، بێگومان سەری سووڕ دەمێنێت و لەبەر خۆیەوە وەک من، دەڵێت: "تۆ بڵێی کام نووسەری ناشارەزا و تازەکار ئەم سەردێڕەی نووسیبێت؟"

لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتن و خێرابوونی سەیروسەمەرەی هەموو شتێکدا، چۆن نووسەرێک ئەو مافەی بە خۆی داوە سەردێڕێکی وا مەتەڵ‌ئاسا بنووسێت و کاتی زێڕینی خوێنەری پێ بگرێت؟ لەم سەردەمەدا ئەگەر بزانن خوێنەران چەندە سەرقاڵن و کاتیان چەندە تەنگە، هەرگیز ڕێگە نادەن هیچ کەسێک ڕستەیەکی وا سەیر و سەمەرە و بێ‌مانا بنووسێت.

بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر سەبارەت بە سەرقاڵبوونی خوێنەرانی ئەمڕۆ، باش بزانن خوێنەرانی بەڕێز ئەوەندە کاتیان کەمە، نەک هەر ستوونە پاشکۆکانی ڕۆژنامە ناخوێننەوە، بگرە ئەگەر ڕۆژنامەیەک لە نێوەڕاستەوە بکەیت بە دوو بەشەوە، خوێنەری سەرقاڵ تەنانەت ناتوانێت نیوەی یەکەمیشی بخوێنێتەوە! ئەمەش ڕاستییەکە دەبێت هەموو لایەک بیزانن و پێویست بە شیکردنەوەش ناکات کە نیوەی یەکەمی ڕۆژنامە، لە نیوەی دووەمی زۆر گرنگترە. چونکە هەر لەو نیوەی یەکەمەدایە وتار و شیکاریی سەرکردە و سەرۆک و ڕێبەرانی سیاسی و، مامۆستایانی زانکۆ و چاودێرانی چاوکراوەی سیاسەتزان بڵاو دەکرێنەوە. بەڵام کوا کات؟ خوێنەری ئێمە ئەوەندە سەرقاڵە هەر مەپرسە! هەر لەبەر ئەم سەرقاڵییەشە کاتی نییە بە گشتی ڕۆژنامە کاغەزییەکان لەسەر وێب و مێبیش بخوێنێتەوە.

خوێنەری مۆدێرن و سەرقاڵ، هەر لەو کاتەوەی بەیانیان چاوی دەکاتەوە و بەرچایی دەخوات، مۆبایلەکەی بە دەستەوە دەگرێت و دەیکاتە پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین لە هەموو بابەتەکانی دنیا. ئەم پەنجەرە جادووییە تا نیوەشەو و کاتی نووستنیش لێی نابێتەوە؛ تەنانەت لەنێو نوێندیشدا و لە تەنیشت هاوسەرە چاوەڕوانە هەناسە ساردەکەی، هەتا خەو بەلایدا دەێنێت، هەر بەو پەنجەرەیەدا بە نێو دنیای بەرین و بێ‌سنووردا دەڕوانێت. لە ڕاستیدا نابێت بە هیچ شێوەیەک گلەیی لەو خوێنەرە سەرقاڵانە بکەین. چونکە ئەگەر ئێمەش لە ڕێگەی شاشەی مۆبایلەکانمانەوە ئاودیوی دنیای سۆشیاڵ میدیا ببین، لە سەرقاڵان سەرقاڵتر دەبین.

لەم سۆشیاڵ میدیا پێشکەوتووەدا، کە پڕە لە دەقی کورتی ئامۆژگارییانەی مامۆستایان، ڤیدیۆی کوڕانی سنگ‌پانی چاوشین و ماسولکەدار، دیمەنی دڵڕفێنی مێرگ و مێرغوزار و کوێستانی بەفراوی، کورتەفیلمی پێکەنیناوی، کیژانی باڵابەرزی زوڵف‌شۆڕ، وانەی مامۆستایانی زمان، ڕێنمایی پسپۆڕانی تەقەڵ و دروومان و بیلامانێ و دوولەڕووی ئێوە سەدان بابەتی دیکەش کە وەک مێرووی تێکەودراو بەردەوام لە هاتووچۆدان... ئیتر کوا مرۆڤی سەرقاڵ کاتی ئەوەی هەیە خۆی بە وشەی "پارەکە" لە نێو ڕستەی سەردێڕی ئەم بابەتەدا ماندوو بکات و بپرسێت مەبەستی نووسەر چییە؟

ئەمەش ڕێک کێشەی ئەم جۆرە نووسەرە نالێهاتووانەیە. کاکی نووسەر لێرەدا وشەی "پارەکە"ی بۆ خەڵەتاندن و بەلاڕێدابردنی خوێنەر داناوە. لەم ڕستەیەدا، خوێنەری هێژا بە ئاسانی تێناگات؛ نازانێت ئایا مەبەست لە وشەی "پارەکە" واتە "ساڵی پار" (ساڵی ڕابردوو)؟ یان مەبەست لە پارە، واتە "پووڵ و دراو"ە؟

خۆ ئەگەر تاوێک ئەم مۆبایلانەمان بەلاوە بنێین و کەمێک ئەو مێشکەی خۆمان ڕێکبگوشین. مەبەستم ئەو مێشکەیە هێندەمان تەمبەڵ کردووە تەنانەت ناتوانێت ژمارە تەلەفۆنی دوو هاوڕێی نزیکیشمان لەبەربکات، ئەوکات دەکرێت باشتر لەم ڕستە سادەیە تێبگەین و هەردوو ماناکەی شی بکەینەوە.

ئەم ڕستەیە، هەتا بڵێی سادەیه. با لە مانای یەکەمەوە دەست پێبکەین: ئەگەر مەبەست لە ڕستەکە ئەوە بێت "پووڵ و پارەکە باشتر بوو"، ئەوە کێ هەیە نەزانێت پارە چەندە باشە؟ با ئێمە نەزانین، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زۆر باش دەزانن پارە چەندە باشە و لەم ڕۆژگارەدا چەندەش پێویستە! بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەم سەبارەت بە تێگەیشتوویی و پارەناسیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، وەرن با پێکەوە کەمێک لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی لێک‌تێگەیشتن ورد بینەوە.

ئەم ئێران و ئەمریکایە، لەم شەڕەی دواییدا و لەم دانوستانانەی دوور و نزیکدا، هەردوویان هاوار دەکەن لە یەکتر تێناگەن، کەچی هەر لەبەر ئەم تێنەگەیشتنەشە خەریکی ڕێکخستن و واژووکردنی لێک‌تێگەیشتنن وەبزانم واژووشیان کرد! زۆر بە کورتی، ئێران بە ڕواڵەت لە ئەمریکا تێناگات و وا نیشان دەدات بە پێویستی دەزانێت ئیمپریالیزم دەستبەرداری زایۆنیستەکان ببێت و خۆی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکات. بەڵام لە پشت پەردەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی زۆر باش لەوە تێدەگەن تەنیا و تەنیا پێویستیان بە "پارە"یە. ئەوان دەزانن لە نێو ئەم گەمارۆ ئابوورییە پان و بەرینەدا، ئەگەر پارەیان بە دەستەوە نەبێت، ناتوانن یارمەتیی چەکدارانی سەر بە "بەرەی موقاوەمە" لە ناوچەکەدا بدەن. بۆیە بۆ ئەوان، بێگومان "پارەکە زۆر باشتر بوو".

بەڵام با بچینە سەر مانای دووەم... ئەگەر سەردێڕی "پارەکە زۆر باشتر بوو" بەو مانایە بێت "ساڵی پار لەمساڵ باشتر بوو"، ئەوا دەبێت بڵێم ئەمە درۆیەک و هەڵەیەیەکی زۆر گەورەیە! دەزانن بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بە درێژایی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە، "ساڵی پار" تەنیا و تەنیا لە ئەمساڵ باشتر بووە، ئەگەرنا بە بەراورد بەو هەموو ساڵانەی بەر لە خۆی، نەک هەر باشتر نەبووە، بگرە کارەسات بووە! لەم وڵاتەدا، ڕۆژگار وامان لێدەکات بڵێین "هەر ئەم ساڵ خۆزگەم بەپار"، بێ ئەوەی بزانین ساڵی پار خۆی، میراتگری چەندین ساڵی پڕ لە نەهامەتییە.