کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە تا کۆتایی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥، لانیکەم ٦٠ مامۆستا و چالاکی پیشەیی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر، زیندانی یان سزا دراون.
ئەو ڕێکخراوەیە ئاماژەی بەوە کردووە ژمارەی ڕاستەقینەی دەسبەسەرکراوان زۆر لەم ئامارە زیاترە، بەڵام بڕانی ٨٨ ڕۆژەی ئینتێرنێت و بڵاونەبوونەوەی هەواڵەکان لە شارە بچووکەکاندا، ڕەوتی بەڵگەدارکردنی ئەستەم کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیم تۆمەتی ئەمنییەتییان ئاراستەی مامۆستایان کردووە و ڕووبەڕووی زیندانی تاکەکەسی، بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی، قامچی، دوورخستنەوە و حوکمی درێژخایەنیان کردوونەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ژمارەیەک لە مامۆستا دەسبەسەرکراوەکان دوای چەندین مانگ یان چەندین ساڵ، هێشتا لەگەڵ پەروەندەی کراوەوە لە دۆخێکی نادیاری دادوەریدا ماونەتەوە.
هادی قائێمی، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت بە بێدەنگکردنی دەنگی مامۆستایان، ڕێگە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بگرێت.
ئەو کەمپەینە داوای لە یوونسکۆ، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا سەرکوتکارییەکان مەحکووم بکەن و سزای ئامانجدار بەسەر بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانەدا بسەپێنن.
هاوکات شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایانیش جەختی لەسەر ڕەوابوونی داواکارییەکانی مامۆستایان کردووەتەوە.