وەزارەتی بەرگریی کوەیت ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بینایەک سەر بە شیرکەتێکی چینی لە باکوور کوەیت لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کارمەندێک کوژراوە.
سعوود عەبدولعەزیز ئەلعەتوان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی گەلاوێژ ڕایگەیاند بەهۆی ئەو هێرشەوە زیانێکی زۆر بەر بینای ئەو شیرکەتە چینییە کەوتووە.
ئەلعەتوان باسی لە وردەکاریی زیاتری ئەو هێرشە وەک کات و ناوی شیرکەتەکە نەکردووە.
لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا دەیان جار ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی، سەروەریی خاکی کوەیت پێشێل کردووە و سنووری ئاسمانییەکەی بەزاندووە.
پێشتر هەرکام لە کوەیت، ئێمارات، بەحرەین و ئۆردۆن ڕایانگەیاندبوو کە هێزەکانیان بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئامادەباشیدان.