کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید: پشتگیری لە خەباتی ڕەوای خەڵکی ئێران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەین

10:34 - 9 گەلاوێژ 2726

وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند کە ستۆکهۆڵم پشتگیری لە خەباتی ڕەوای خەڵکی ئێران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ دەکات و سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات.

ماریا ماڵمێر ستێنێرگارد، وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گەلاوێژ، لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سیستەمی نوێی دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ستۆکهۆڵم بە نیگەرانییەکی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ هەر هەنگاوێک دەکات کە ببێتە هۆی سنووردارکردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.

هەروەها مارکۆس ڤیچێڵ، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی دێموکراتەکانی سوید، لە پرسیارەکەیدا سیستەمی "بیرگەی ئێمە"ی دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیمی بە ئامرازێکی حکوومی بۆ ناسینەوە و ڕاپۆرتکردنی نەیاران و جیابیرانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە وەسف کردبوو.

دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا و لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دەستپێکردنی ئەم سیستەمە ڕایگەیاند کە ماڵپەڕی "بیرگەی ئێمە" ئەو کەسانە دەناسێنێت کە بە وتەی ئەم دەزگایە، پشتیان لە وڵات کردووە و ئاسایشی میللیی ڕێژیم دەخەنە مەترسییەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو بڕوایەن کە دروستکردنی وەها سیستەمێک دەبێتە هۆی ناسینەوە، تاوانبارکردن و زیادکردنی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ئێران و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان و هەڕەشە لەسەر نەیاران، لەوانەش لە دەرەوەی ئێرانی زیاتر کردووە.