کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی پایگاکانی ئورووپا دژی ئێران

11:29 - 9 گەلاوێژ 2726

لە سایەی ترس و نیگەرانیی قووڵی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تلفۆنیی خێرای لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بولغارستان ئەنجام دا و داوای کرد بڕیاری ناردنی فڕۆکە شەڕکەر و سووتەمەنیبەرەکانی ئەمریکا بۆ پایگای ئاسمانیی "بێزمێر" ڕاگیرێت.

تاران کە کەوتووەتە ژێر گوشاری گەورەی سەربازی، ڕەزامەندیی بولغارستانی بۆ حەواندنەوەی ٨ فڕۆکەی سووتەمەنیبەری KC-135 و ٢٥٠ سەربازی ئەمریکا بە "هاوکاریکردن لە دەستدرێژی بۆ سەر ئێران" ناو برد.

عێراقچی بە ئاماژەدان بە بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵی دا گوشار بخاتە سەر سۆفیا تا ڕێگە بە بەکارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتە دژی ئێران نەدرێت.

هاوكات لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا کە ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێی تارانە بەرانبەر گەمارۆدانی سەربازی، عێراقچی پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی قێبرێسەوە کرد تا ڕێگری لە بەکارهێنانی پایگاکانی "ئاکرۆتیری" و "داکیلیا"ی بریتانیا لەدژی ئێران بکات.

ئەم هەنگاوانەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێشتریش تاران بۆ ڕاگرتنی ئەو گوشارانە پەنای بۆ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر پایگای ئاکرۆتیری بردبوو، بەڵام نەیتوانیوە بەر بە بەرفراوانبوونی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگرێت.