لە درێژەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سیخوڕی و تێکدانی ئەمنییەت لە وڵاتانی ئورووپا، کەسێکی بریتانیایی-ئازەربایجانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ سپای تێرۆریستیی پاسداران لە پایگایەکی سەربازی لە قێبرێس دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرپرسانی بریتانیا، تۆمەتبارەکە ناوی "ڕەشاد سوڵتانۆڤ"ە و تەمەنی ٤٤ ساڵە و دانیشتووی لەندەنە.
ناوبراو سیخوڕیی لەسەر پایگای ئاسمانیی "ئاکرۆتیری"ی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بریتانیا لە قێبرێس کردووە و زانیارییە کۆکراوەکانی ڕادەستی سپای پاسداران کردووە.
پایگای ئاکرۆتیری یەکێک لە گرنگترین ناوەندە سەربازییەکانی بریتانیایە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست.
شایانی باسە لە ئەو بنکەیە، پێشتریش و لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە کرابووە ئامانجی هێرشێکی دڕۆنی.
سوڵتانۆڤ لە ١٧ی ژوئییەدا دەسبەسەر کراوە و دادوەریی بریتانیا لەسەر بنەمای یاسای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەو وڵاتە تۆمەتەکانی ئاراستە کردووە و ڕەوتی ڕادەستکردنەوەی بۆ بریتانیا دەستی پێکردووە.
ئەم کەیسە نوێیە جارێکی دیکە سەلمێنەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان، هێشتا لە بەکارهێنانی تۆڕە سیخوڕییەکانی بۆ بەئامانجگرتنی بنکە سەربازی و ئەمنییەتییەکان لەنێو خاکی ئورووپادا بەردەوامە.