کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل سیخوڕێکی دیکەی ڕێژیمی لە ئۆرشەلیم دەسبەسەر کرد

08:44 - 13 پووشپەڕ 2726

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە دادستانی ئۆرشەلیم پیاوێکی تەمەن ٢١ ساڵانی بە ناوی ئێلی لوونی بە تاوانی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، ڕۆژنامە "ئۆرشەلیم پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند؛ کە ئێلی لوون لە دوایین مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ــەوە سیخوڕیی بۆ دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی تاران کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو سیخوڕە ئاگایانە بۆ دوو کەس بە ناوەکانی "سینا" و "ئەلێکساندر" کە نوێنەری دەزگا سیخوڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون، چەندین ئەرک و پێئەسپێردروای ڕاپەڕاندووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، وێنەگرتن لە بنکەی ناوەندیی ئوتووبووسەکانی ئۆرشەلیم، بینایەکی حکوومی لە گەڕەکی بوخاریم و چەند کارێکی تێکدەرانەی دیکە لە ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی ناوبراو بووە.

دادستانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند ئێلی لوون لە بەرانبەر ئەو کارە سیخوڕییانەدا، بڕی ٨٦١ دۆلاری بە شێوەی نەخت و ٥١٨ دۆلاری بە شێوەی ئەرزی دیجیتاڵی وەرگرتووە.

ئەو ناوەندە یاساییەی ئیسرائیل بە بێ باسکردنی وردەکاریی زیاتر ناوبراوی بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دوژمن و دانی زانیاریی لە بەرژەوەندیی وڵاتی نەیار بە قورسی سزا داوە.

هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیسرائیل سیخوڕێکی دیکەی سەر بە ڕێژیمی دەسبەسەر کردووە کە بە ڕەچەڵەک تاجیکستانی و پاسپۆرتی ڕووسیەی پێ بووە.