کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام بانگەشەی سپای پاسدارانی لەمەڕ زیانگەیاندن بە چەند فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکایی وەدرۆ خستەوە

11:47 - 9 گەلاوێژ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکام"، بانگەشەکانی سپای پاسداران و ڕاپۆرتی هەواڵدەری و دەنگوڕەنگی فەرمیی ڕێژیمی ئێرانی لەمەڕ زیانگەیاندن بە چەند فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکایی و دەورلێدانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمەوە بە درۆ ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم بانگەشانە لە ڕاستییەوە دوورن.

سێنتکام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێچەوانەی بانگەشەکەی سپای پاسداران، ھاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی ھۆرمۆز جێگای مەترسی نییە و ئەوەی ئاسایشی کەشتیوانی دەخاتە مەترسییەوە، ھەڕەشە زارەکییەکان و هەوڵەکانی سپای پاسدارانە بۆ هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەرنشینە مەدەنییەکانیان.

سێنتکام هەروەھا بانگەشەی سپای پاسداران سەبارەت بە تێکشکاندنی سێ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-٣٥ و سێ فڕۆکەی تری ئەمریکایی لە هێرشی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایی لە ناوچەکە ڕەت کردەوە.

سێنتکام هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەم هێرشانەدا زیانی پێ نەگەیشتووە و سەرجەم مووشک و دڕۆنەکانی ئێران یان خراونەتە خوارەوە یان ئامانجەکانیان نەپێکاوە.

ئەم ناوەندە سەربازییەی ئەمریکا ڕاپۆرتی هەواڵدەری و دەنگوڕەنگی ڕێژیمی لەمەڕ تێپەڕبوونی نەوتکێشی بازرگانیی «ئێم تی نۆرا» بەناو «گەمارۆی دەریایی ئەمریکا» وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کەشتییە گەمارۆی نەشکاندووە و زیاتر لە ٢٠ کەشتیی جەنگی، سەدان فڕۆکە و هەزاران سەربازی ئەمریکی هێشتا لە هەوڵی جێبەجێکردنی تەواوەتیی بڕگەکانی ئەم گەمارۆیەدان.