کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دژی کردەوە تێکدەرانەکانی ئێران و نیابەتییەکانی لە بابولمەندەب

11:56 - 9 گەلاوێژ 2726

لە وڵامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ تێکدانی ئەمنییەتیی دەریایی و پەرەپێدانی چەتەیی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانیەوە، عەرەبستان دروستبوونی هاوپەیمانییەکی دەریایی بەرفراوانی بۆ پاراستنی گەرووی ستراتێژیی بابولمەندەب بە بەشداریی ١٤ وڵات ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ئەم هاوپەیمانییە لە وڵاتانی عەرەبستان، بەحرەین، بەنگلادێش، جیبۆتی، میسر، ئۆردۆن، کوەیت، نیجێرییە، پاکستان، قەتەر، سووماڵی، سوودان، تورکیە و یەمەن پێکهاتووە.

ئامانجی سەرەکیی ئەو هاوپەیمانییە پاراستنی ڕێڕەوەکانی بازرگانی و گواستنەوەی وزەی لە دەریای سور و کەنداوی عەدەن لە بەرانبەر هەڕەشەکانی تاران و نیابەتییەکانیدایە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی حوسییەکانی یەمەنەوە هەوڵی گەمارۆدانی دەریایی و ئامانجگرتنی نەوتهەڵگرەکان و ژێرخانە نەوتییەکانی دابوو.

پاش ئەوەی تاران ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆزی خستە مەترسییەوە، ڕێڕەوی بابولمەندەب بووە ناوەندی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت.

لە کۆبوونەوەی ڕیازدا نوێنەرانی ٤٣ وڵات و شاندێکی یەکیەتیی ئورووپا ئامادە بوون تا کۆتایی بە کردەوە چەتەگەرییەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بەکرێگیراوی بێنن.