قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی بێوێنەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران، چەند میلیۆن هاووڵاتیی خستووەتە بەردەم شەپۆلێکی قورستری هەژاری و نەهامەتی و شارەزایانی ئابووری هۆشداری لە داهاتوویەکی ڕەشتر بۆ بژێویی خەڵک دەدەن.
هادی کەحاڵزادە، ئابووریناس و توێژەر لە پەیمانگای کوینسی ڕایگەیاند کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران، لە مانگەکانی داهاتوودا هاووڵاتیی زیاتر ڕووبەڕووی هەژاری و نەهامەتیی توند دەبنەوە.
کەحاڵزادە ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسان لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ئەزموون دەکات و نیوەی دانیشتووانی وڵات تووشی هەڵاوسانی ١٠٠٪ بوونەتەوە.
هاوکات ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان دەریدەخەن کە نرخی هەندێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراک لە نێوان ٣٠٠٪ بۆ ٤٠٠٪ بەرز بووەتەوە و بازاڕی کار بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار بووەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشبینی کردووە کە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕەکانەوە، ٤.١ میلیۆن کەسی دیکە لە ئێران بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە و ڕێژەی هەژاری بگاتە ٤١٪ لەسەد.
بە وتەی ئەم ئابووریناسە، قەیرانی سەرەکی بێهیوایی و نادیاریی داهاتوویە بۆ خەڵک و بژێوی خەڵک لە مانگەکانی داهاتوو خراپتریش دەبێت.
لە کاتێکدا کەرتی حكوومەتی و کەسانی نزیک لە ڕێژیم پارێزراون، زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە باجی ئەم قەیرانە قورسە دەدەن و ژیانی ڕۆژانەیان بەرەو خراپتربوون دەچێت.