ئەرتەشی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە ٨ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا لەنێو "ناوچەی ئەمن"ی باشووری لوبنان، چەندین توونێلی سەر بە حزبوڵڵایان لەژێر ناوچەی "قەڵای شەقیف" کردووەتە ئامانج و لەنێو براون.
دوای ئەو هێرشە، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، ئەم ئۆپەراسیۆنەیان بە کاردانەوەیەک بەرانبەر "پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵڵاوە" وەسف کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نووسینگەی نێنتانیاهوو و وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، توونێلەکان بە بەکارهێنانی نزیکەی ٧٠٠ تۆن تەقەمەنی و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانتر بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا لە باشووری لبنان تەقێنرانەوە و خاپوور کران.
لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە فەرمانی نێنتانیاهوو و کاتس ئەنجام دراوە و ئیسرائیل بە هەوڵەکانی بۆ لەنێوبردنی سەرجەم ئەو ژێرخانانەی حیزبوڵڵا کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل بە ئەژمار دێن، بەردەوام دەبێت.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی گوردانی ٣٦ بە فەرماندەیی ناوچەی باکوور، چەند بەشێکی سەرەکیی تۆڕی توونێلە ژێرزەمینییەکانیان لە زنجیرەچیای "بۆفۆر" کە قەڵای مێژوویی شەقیفیش لەخۆ دەگرێت، لەنێو بردووە.
گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا کە بە سەرەکیترین گرووپی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بە ئەژمار دێت، هەموو ئەو تێچووە لەڕادەبەدەرانەی لە دروستکردنی گرووپی چەکداری، کۆگای چەکۆچۆڵی و لۆجستیکی، دروستکردنی توونێلی چەندسەد میتری و مووچەی مانگانەی هێزەکانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لەنێو دەریای قەیرانی هەژاری و برسییەتیدا نوقم بوون.