ڕۆژنامەی بریتانیایی "تێلێگراف" ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دیداری ئەم دواییەیاندا لە کۆشکی سپی، ئەگەری سەپاندنی "گەمارۆیەکی زەوینییان" بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کردووە.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هۆکارەکانی پەرەپێدانی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان بۆ سەر تاران لە کاتی چەقبەستوویی ئاڵۆزییەکاندا ئەژمار دەکرێت.
مەبەست لەم پێشنیارە، بڕینی ڕێگە سنوورییەکانی هاوردە و هەناردەی ئێرانە تا ڕێژیم لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی گۆشەگیریی تەواو بێت.
بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستی بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێی ئێران هەیە، کە بە وتەی شارەزایانی سەربازی، لەبەر مەترسیی تۆڵەکردنەوەی ئێران و بەربڵاویی سنوورەکان، جێبەجێکردنی "نزیکە لە مەحاڵ".
ئەم دەنگۆیانە لەکاتێکدان کە کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی گەیشتنی بارێکی گەورەی مووشەکهاوێژ لە چینەوە دەکات.
هاوکات تێلێگراف ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕەنگە ئەم پلانە تەنیا فێڵێک بێت بۆ سەرلێشێواندنی تاران لە هەنگاوەکانی داهاتوو.
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، لە ئێستادا لە نێوان سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیدا ناکۆکیی قووڵ دروست بووە؛ بەشێکیان بە توندی نێگەرانی داڕمانی ئابوورین و بەشەکەی دیکەش جەخت لەسەر بەردەوامیی شەڕ دەکەنەوە.