لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی ناشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەرتەشی ڕێژیم و ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆیستیی پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی عەلی خامنەییان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە.
ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، ئەمیر حاتەمی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەییدا ڕایگەیاند: "بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕادەگەیەنین کە تۆڵەی خوێنی عەلی خامنەیی لە دوژمنانمان دەکەینەوە".
ئەو هەڕەشانەی فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە زۆربەی فەرماندە باڵاکانی ڕێژیم لە ترسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەییدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشدارییان نەکرد.
پێش کوژرانی خامنەییش فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم هەڕەشەیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردبوو کە ئەگەر تەنانەت بیر لە کوژرانی ڕێبەری ڕێژیمدا بکەنەوە کارێک دەکەن کە پەشیمان ببنەوە، بەڵام دوای کوژرانی خامنەیی و تێپەڕبوونی ٤ مانگ بەسەر کوژرانی ناوبراودا، نەک هەر نەیانتوانی تۆڵە بکەنەوە، بەڵکوو ناشتنی تەرمەکەشی ٤ مانگی خایاند.