کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: شەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامی و نیابەتییەکانی هیچکات کۆتایی نایەت

09:06 - 10 پووشپەڕ 2726

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ١٤ی وڵاتەکەی، ستایشی دەستکەوتە سەربازییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئیسرائیلی کرد و ڕایگەیاند: "شەڕەکانی ئیسرائیل هیچ کاتێک کۆتاییان نایەت و هێشتا کۆمەڵێک کاری ئەنجامنەدراو لە دژی میحوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ماون کە دەبێت جێبەجێ بکرێن."

بێنیامین نێتانیاهوو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا دەکرێت شەڕەکانی ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی، حەماس و حیزبوڵڵا بە کۆتاییهاتوو یان سەرکەوتوو دابنرێت، وتی: "ئەم شەڕانە قەت تەواو نابن. ئەگەر دەتەوێت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا بژیت، دەبێت زۆر بەهێز بیت."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە تێگەیشتن و ڕێککەوتنی وا لەگەڵ لوبنان هاتووەتە ئاراوە کە پێشتر کەس پێشبینی نەدەکرد.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەش لە پەیوەندیدان، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستە ڕوو.

نێتانیاهوو جەختی کردەوە: "کاتێک تۆ بەهێز بیت، ئەوانی دیکە هاوپەیمانیت لەگەڵ دەکەن و لە کۆتاییدا ئاشتیت لەگەڵ واژۆ دەکەن."