کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچوونی حوکمی سێدارە بۆ دوو بەندکراوی سیاسی لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە

09:46 - 13 پووشپەڕ 2726

لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، حوکمی سێدارەی بەسەر دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "وەحید خان سەنەمی" و "ئەرغەوان فەلاحی"دا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، وەحید خان سەنەمی کە لە زیندانی تارانی گەورە ڕاگیراوە و لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی "موحاربه" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.

هاوکات، ئەرغەوان فەلاحی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٤ ساڵ و ڕاگیراو لە زیندانی ئێڤین، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامییەتی لە گرووپە نەیارەکان و چالاکیی چەکداری، حوکمی سێدارەی بۆ دەرچوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کە پێشتریش ئەزموونی گرتنی هەبووە، لە ڕێبەندانی ١٤٠٣ەوە دەسبەسەرە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە بەندە ئەمنییەتییەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر دۆسییەی تێرۆرکردنی دوو دادوەر بە ناوەکانی محەممەد موقەیسە و عەلی ڕایزەنی لەژێر ئەشکەنجەی توندی دەروونیدا بووە.