کۆڵبەرێکی خەڵکی شارۆچکەی شاهۆی سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی "وەزیر ڕەحیمی" لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شۆشمێی نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، وەزیر ڕەحیمی، تەمەن ٥٧ ساڵ، لە مەودایەکی نزیکەوە لە سنووری "شۆشمێ" کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیم و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم کۆڵبەرە تەمەن ٥٧ ساڵانە، خێزاندار و خەڵکی گوندی "مەنسوورئاغایی"ی سەر بە شارۆچکەی شاهۆ بووە کە بەهۆی کێشەی دارایی و نەبوونی هەلی کارەوە، ماوەی ٢٠ ساڵ بوو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە شاری نەوسوود نیشتەجێ ببوو و خەریکی کۆڵبەری بوو.
ئێستا تەرمی ناوبراو لە ناوەندی دەرمانیی نەوسوود ڕاگیراوە و هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.