کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژیی نوێ لە ناوچە؛ هەڕەشەی سەربازیی حوسییەکان و عەرەبستان لە یەکتر

13:43 - 13 پووشپەڕ 2726

دوای ڕوودانی ئاڵۆزی لەسەر فڕینی فڕۆکەیەکی ڕێژیمی ئێران بۆ یەمەن، حوسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستان، هەڕەشەی قورسی سەربازییان لە یەکتر کرد.

حوسییەکان ڕایانگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی ئەوان بەرەوڕووی فڕۆکە شەڕکەرەکانی عەرەبستان بووەتەوە کە ویستوویانە ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فرۆکەخانەی سەنعا بکەن؛ فڕۆکەیەک کە شاندی حوسییەکانی بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی گواستووەتەوە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان، بە توندی هۆشداری دایە ڕیاز و ڕایگەیاند: "لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی ئاسمانی یەمەن، سەرجەم فرۆکەخانەکان و بەرژەوەندییە گرنگەکانی عەرەبستان لە وشکانی و دەریادا دەکەینە ئامانج."

لە بەرانبەردا، هاوپەیمانیی عەرەبستان بە خێرایی وڵامی دایەوە و هەڕەشەی لە حوسییەکان کرد.

ئەو هاوپەیمانییە جەختی کردەوە: "لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی خاکی عەرەبستان، بە بڕیارێکی لێبڕاوانە و بە هێز و وڵامێکی بێ‌وێنە بەرپەرچیان دەدەینەوە."

هاوپەیمانییەکە ئەم هەڕەشانەی حوسییەکانی بە هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە قەیرانەکانی نێوخۆی یەمەن وەسف کرد، بەڵام جەختی لە ئامادەباشیی تەواوی هێزەکانی کردەوە.