هەواڵدەریی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند، دامەزراوەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی (ISIS) لە واشنگتۆن هۆشداریی داوە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ڕێککەوتنەکان، بە شێوەیەکی بەردەوام خەریکی فراوانکردنی سایتێکی ئەتۆمیی نوێ و زۆر قووڵە لە زنجیرە کێوەکانی زاگرۆسدا، کە بە کێوی "پیکاکس" (کوه کلنگ) ناسراوە.
بەپێی نوێترین وێنەی ماهوارەکان، لە کۆتایی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦، جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان لە دەروازەی توونێلەکانی ئەم سایتەدا دەبینرێت کە نیشانەی بەردەوامیی بیناسازی و بەهێزکردنی دەروازەکانە.
شارەزایان دەڵێن ئەم سایتە ئەوەندە گەورەیە کە کارگەیەکی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەخۆ بگرێت و تاران دەیەوێت وەک کارتێکی گوشار لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان بەکاری بهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و دەوڵەتی ترامپ دوای ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" ئەمریکا و ئیسرائیل، دەبوو تاران دۆخی باوی بیناسازییە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە ئەگەر ئێران لە دانوستانەکاندا جیددییە، دەبێت وەک نیازپاکی کارەکان لە کێوی پیکاکس ڕابگرێت و ڕێگە بە چاوەدێرانی ئاژانس بدات پشکنینی بۆ بکەن؛ بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا نەیتوانیوە دەستڕاگەیشتنی بەم سایتە نهێنییە هەبێت.
هاوکات وێنە ماهوارەییەکان نیشانی دەدەن کە شوێنەوارەکانی هێرشەکەی پێشوو بۆ سەر سایتەکانی نەتەنز و ئێسفەهان هێشتا چاک نەکراونەتەوە و دەروازەی توونێلەکان لە فۆردۆ و ئێسفەهان بە خۆڵ پڕ کراونەتەوە، بەڵام بەردەوامیی کارکردن لە کێوی پیکاس بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی ناوەندە ئەمنییەتییە نێودەوڵەتییەکان.