لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە وەک سەرچاوەی سەرەکیی تێکدانی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا دەبینرێت، تاران کاردانەوەیەکی توندی بەرامبەر بەیاننامەی هاوبەشی بریتانیا، فەرانسە و عومان نیشان دا، کە تێیدا لەسەر پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی فرەنەتەوەیی بۆ پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆزدا ڕێککەوتبوون.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بە دووبارەکردنەوەی گوتارە هێرشبەرانەکانی ئەو ڕێژیمە، ڕایگەیاند کە ئێران پارێزەری ئەمنییەتی ئەم ڕێڕەوەیە و بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وتی: "ئەم گەرووە مەیدانی نمایشی هێزە دەرەکییەکان نییە و قەیرانخوڵقێنەران بەرپرسیاری لێکەوتەکانی ئەم سەرکێشییەن و ئەو هەڕەشەیە جیددییە."
ئەم خۆسەپاندنەی ڕێژیمی ئێران وەک پارێزەری ناوچەکە لەکاتێکدایە کە هاوپەیمانانی ڕۆژاوا لەسەر بنەمای جموجۆڵە تێکدەرانە و هێرشە دەریاییەکانی پێشووی ئێران، بڕیاری جێگیرکردنی کەرەستەی مینهەڵگرتنەوە، فڕۆکەی گەڕان و ناوچەوانی سەربازییان داوە.
ئەم هەڵوێستە توندەی ڕێژیمی تاران لە وڵامی بەیاننامە هاوبەشەکەی کیێر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسەدایە کە ڕایانگەیاندبوو کە لەگەڵ عومان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئاوە هەرێمییەکانی ئەو وڵاتە لە گەرووی هۆرمۆزدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.