لە بەیاننامەی ئامادەکراوی ڕێبەرانی ناتۆ کە بڕیارە کۆبوونەوەکەی لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی پووشپەڕ لە ئانکارای تورکیە بەڕێوە بچێت، پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هیچکات نابێت دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
لە بەیاننامەی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا هاتووە کە هیچکات کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ناوکی بەدەست بێنێت و دەبێت ڕێز لە ئازادیی کەشتیوانیی گەرووی هۆرمۆزیش بگرێت.
پێشتریش بلۆمبێرگ لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو کە باسی شەڕی دژی کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی حەفتەی داهاتووی ڕێبەرانی ناتۆدایە و هەرکام لە وڵاتانی بەحرەین، کوەیت، قەتەر و ئێمارات بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە بانگ کراون.
هەروەها لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئێمە لە ئانکارا کۆ دەبینەوە هەتا جارێکی دیکە لەسەر بەڵێنی هەتایی خۆمان لەسەر بەرگریی بەکۆمەڵ بەپێی خاڵی ٥ی پەیماننامەی واشینگتۆن پێداگری بکەین. هێرش بۆ سەر ئەندامێکی ناتۆ هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامانی ئەو پەیماننامەیە".
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "ئێمە لە هەوڵی دروستکردنی داهاتووداین".
ئەو کۆبوونەوە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە دۆناڵد ترامپ دوای دووهەمین جار هەڵبژێردرانی وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا، چەندین جار ڕەخنەی لە ناتۆ گرتووە و بەوە تاوانباری کردبوو کە وەکوو پێویست بۆ بەرگرییکردن تێچوو نادەن.