کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی هاوپەیمانیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەمەڕ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

14:06 - 13 پووشپەڕ 2726

دەیان ژن لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە دەرکردنی نامەیەک لەژێر ناوی "هەڕەشەی جیهانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی" هۆشدارییان دا و داوایان لە ڕێبەرانی جیهان کرد کە سپای پاسداران وەک ڕێکخراوی تێرۆیستی بناسێنن.

هاوپەیمانیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەو نامەیەدا نووسیویانە: "تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی گیانی ژنانی ئیسرائیلی و ئێرانی دەستێنێت و دەبێتە هۆی کوژرانی ژنانی غەززەش".

واژۆکەرانی ئەو نامەیە، بە ئاماژەدان بە گەشتی ئێرشاد لە ئێراندا باسیان لە "ڕفاندن، هێرش و کوشتنی ژنان و کچانی ئێران لەوانەش ژەهراویکردنی هەزاران کچی قوتابی بە مەبەستی کپکردنی هاواری کچان، کوژرانی ژینا ئەمینی، نیکا شاکەرەمی و ئارمیتا گراوەند" کردووە.

لەو نامەیەدا باس لە پێوەندیی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی تاران لەگەڵ گرووپی تێرۆریستیی حەماس کراوە و داوا لە ڕێبەرانی جیهان کراوە پێوەندیی نێوان حەماس و کۆماری ئیسلامی بە فەرمی بناسن و مەحکوومی بکەن.

هەروەها نووسراوە: "ئێمە دەیبینین کە چۆن سامانی خەڵکی ئێران دەدزن و ئەوان دەدەن بە گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە".

لە کۆتایی ئەو نامەیەدا هاتووە کە "یادی ژنانی ئێرانی، ئیسرائیلی و فەلەستینی کە قوربانییانی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامین بەرز ڕادەگرین".

شایانی باسە هەرکام لە دەریا سەفایی، نوێنەری پارلەمانی بێلژیک، نازەنین ئەفشین جەم، چالاکی مافی مرۆیی و چەندین ژنی چالاکی ئیسرائیلی لە واژۆکەرانی ئەو نامەیەن.