کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات و نوێنەرانی یەکیەتی ژنان لە سێمیناری حیزبی سەوزی ئاڵمان

15:33 - 13 پووشپەڕ 2726

ڕۆژی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ هەتاوی ( ٢/٧/٢٠٢٦) حیزبی سەوز(هاوپەیمانی ٩٠/سەوزەکان) سێمینارێکی لە شاری ئیسن سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و سووریە بەڕێوە برد.

میوانەکان بریتی بوون لە بێریڤان ئایماز، مەریەم کلارن و گۆنول ئێگلێنس. خاتوو نەرمین عوسمانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەڕێزان سەحەر خاڵیئاغای و زەهرا یووسفی نوێنەرانی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێیدا بەشدار بوون.
 
لەو سێمینارەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان. بەشێکی گفتوگۆکان لەسەر پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ و ئێعدامەکان لە ئێران و بۆردومانی کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوو.
دواتر نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باسێک لەسەر سیاسەتی شەڕخوازانە و ئیدئۆلۆژیکبوونی ڕێژیمی ئیسلامی، ڕوونی کردەوە کە تا کاتێک ڕێژیمی ئیسلامی لەسەر کار بێت، شەڕ و ئاژاوە و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین کۆتایی پێنایەت، چونکە ئەو ڕێژیمە لە کاتی هاتنەسەرکارییەوە تا ئەمڕۆ شەڕ، کوشتاری خەڵکی ناڕازی و تێرۆری ئازادیخوازانی وەک بەشێک لە باوەڕی نەگۆڕی خۆی پەیڕەو کردووە و پێیوایە تەنیا لە ڕێگای شەڕەوە دەتوانێ مانەوەی خۆی بپارێزێت.

نوێنەرانی حیزب و یەکیەتیی ژنان ئاماژەیان بە هەڵسوکەوتی دوژمنکارانەی تاران دژ بە گەلی کورد کرد و ڕایانگەیاند کە لە دەستپێکی قۆناغی دووهەمی شەڕی ناوچەییدا، زیاتر لە ٢٥٠ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کراوەتە سەر بنکەکانی حیزب و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، کە شەهید و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان تیشک خستنەسەر بارودۆخی سەختی کورد و هەڵاواردنی سیستەماتیکیان لەنیو هەر چوار وڵاتی ئێران، عیراق، تورکیە و سوریە بوو کە کوردیان بە سەردا دابەش بووە.
 
سێمینارەکە دەرفەتێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کوردستان، ئێران و ناوچەکە بۆ زانیاریدان بە ڕای گشتیی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئاڵمان بوو.