کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید: ئەمنییەتیکردنی داواکارییەکان ڕێگری لە ناڕەزایەتییەکان ناکات

15:35 - 13 پووشپەڕ 2726

سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی تاران و دەوروبەری، سەرکوتکردنی چالاکوانانی پیشەیی و مامۆستایانی لە ئێران مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەمنییەتیکردنی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان، نەک هەر ڕێگر نابێت، بەڵکوو قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

ئەم ڕێکخراوە پەردەی لەسەر شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردن و دەرکردنی سزای قورسی زیندان و بێبەشبوونی کۆمەڵایەتی بۆ مامۆستایانی بەکار و خانەنشین لە شارەکانی وەک شیراز، ئاودانان، خاف، نوورئاباد و ئیزە لاداوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گوشارە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بۆ سەر فەرهەنگیان توندتر بووەتەوە و ژمارەیەک چالاکوان ڕووبەڕووی حوکمی درێژخایەن یان ژووری تاکەکەسی بوونەتەوە.

سەندیکاکە جەختی کردەوە کە بەدواداچوونی بژێوی مافێکی ڕەوایە؛ دەرکردنی ئەم حوکمە سەرکوتکارانەش هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کەشی تۆقاندن و ڕێگریکردن لە هاوپشتیی چینە زەحمەتکێشەکان، بەڵام ئەم ڕێکارانە ناتوانن پێش بە ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بگرن.

لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرکوتی ئەمنییەتی و دادوەریی دژی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و پەرستاران، هاوتەریب لەگەڵ خراپتربوونی بژێویی دەیان میلیۆن مووچەخۆر پەرەی سەندووە، بەڵام هەرگیز نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا.