هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی شەهیدبوونی شەهیدانی ئەم دواییانەی کوردستان، هاوخەمی دەربڕی و بە توندی مەحکوومی کرد.
لە سەرەتای ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئێمە وەک هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری بەبۆنەی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چوار گەریلای پژاک و لاوێکی مەهابادییەوە بەوپەڕی کەسەر و تووڕەییەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە و خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران دەردەبڕین و بە توندی ئەم ڕووداوە خوێناوییانە مەحکووم دەکەین".
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووی دا تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نییە، بەڵکوو درێژەدەری سیاسەتێکە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە بۆ سڕینەوەی دژبەرانی، بە پادگانکردنی کەشی سیاسی و بە ئەمنییەتیکردنی داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان گرتوویەتە بەر".
هاوپەیمانیی گشتگیر لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا پەرژاوەتە سەر ئەوەی کە "کوردستان هەمووکات پێشەنگی خەبات بۆ ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بووە و لەو بارەوە نرخی زۆری داوە".
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە "هیچ کۆمەڵگەیەک بە کوشتنی دژبەران، سەرکوتی هێزە سیاسییەکان و بڵاوکردەنەوەی فەزاری ئەمنییەتی، بە ئاشتی، سەقامگیری و گەشە ناگات".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەریدا داوا لە هەموو حیزبەکان، ڕێکخراوە سیاسییەکان، ناوەندە مەدەنی، هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ کراوە لە بەرانبەر ئەو ڕەوتە مەترسیدارەی کۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن".
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا وێڕای هاوخەمی و هاوسۆزیی دووبارە لەگەڵ خەڵکی کوردستان، هاتووە کە "ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، ئێران پێویستی بە هاوپێوەندیی هێزە ئازادیخواز و دێموکراسیخوازەکانە".