دوای چوار ڕۆژ لە شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە لە پیرانشار، بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم وێڕای بێڕێزیکردن و هەڕەشەکردن، بە زۆرەملێ دەستیان بەسەر مۆبایلی چەند کەسیاندا گرتووە تاکوو وێنەی خامنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیاندا بڵاو بکەنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" لەمبارەوە ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ شەممە ١٣ی پووشپەڕ، ژمارەیەک لەم بنەماڵەی شەهیدانی پیرانشار بانگی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون و بە زەبروزەنگ مۆبایل و کۆدی کردنەوەی مۆبایەکانیان لێ ئەستێندراوە.
دوای ئەوەی بنەماڵەکان لەم کارە سەرپێچییان کردووە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە زۆر دەستیان بەسەر مۆبایلی چەند کەسێکیاندا گرتووە و وێنەی خامنەییان لە لاپەڕە تایبەتییەکانیاندا بڵاو کردووەتەوە.
لەو هەوڵە قیزەونەی ڕێژیمدا، وێنەی خامنەیی لە ستۆری ئینستاگرامی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهید "فەردین چەنگیزی"دا بڵاو کراوەتەوە کە بلاگێرە و موبایل و ئەکاونتەکەی هێشتا لای ناوەندە ئەمنییەتییەکانە.
شایانی باسە ڕۆژی ١١ی پووشپەڕ، لە ئەنجامی هێرش و تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای تێڕۆریستیی پاسداران، شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی "کارۆ هۆرمۆزیاری"، "فەردین چەنگیزی"، "محەممەد خاکی"، "عەبدوڵڵا محەممەدپوور"، "توانا عوسمانی" و "محەممەدئەمین بایزیدی" شەهید بوون.