کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەقبوونەوەی ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی خامنەییەدا

08:50 - 14 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی ناکۆکی و ناتەبایی نێوان ڕەوت و باڵە جیاجیاکانی ڕێژیم، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ڕێژیم هیچکام لە سەرۆککۆمارەکانی پێشووتری کۆماری ئیسلامی بانگ نەکراون و ئەوەش ڕەخنەی توندی لایەنگرانی ئەو کاربەدەستانەی لێ کەوتەوە.

محەممەدعەلی ئەبتەحی، جێگری سەرۆککۆماری ڕێژیم لە سەردەمی محەممەد خاتەمی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەمەڕ بانگنەکرانی خۆی و خاتەمی و هەندێک کاربەدەستی دیکەی ڕێژیم، ڕەخنەی توندی لە دەوڵەتی مەسعوود پزیشکییان گرت.

ئەبتەحی لەوبارەوە نووسیویەتی: "ئەو ڕێوڕەسمە گرنگترین دەرفەتی مێژوویی بوو هەتا یەکانگیریی نێوخۆیی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەین".

ئەو کاربەدەستە پێشوویەی ڕێژیم ئاماژەی بە چەند بەرپرسێکی پێشووی ڕێژیم لەوانەش محەممەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نژاد و حەسەن ڕۆحانی کردووە کە هیچ یەکیان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگ نەکراون.

ئەبتەحی باسی لەوەش کردووە بانگنەکردنی سەرۆککۆمارەکانی پێشوو لەکاتێکدایە کە هەندێک لە وەزیران، کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکان بانگ کراون کە دژی خامنەیی بوون.

ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە کرایە ئامانج، لە ڕۆژانی ١٣ هەتا ١٨ی پووشپەڕ بەڕێوە دەچێت.