بەپێی ڕاپۆرتی "نیویۆرک تایمز"، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، غەیبەتی ناڕوونی موجتەبا خامنەیی نمایشە فەرمییەکەی تارانی بۆ نیشاندانی یەکڕیزی تێکشکاندووە.
سەرچاوە ئەمنییەتییەکان دەڵێن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ترسی تێرۆرکردنی موجتەبا لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێگرییان لە ئامادەبوونی کردووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی هێناوەتە ئاراوە و پرسیاری ئەوەی دروست کردووە کە لە ڕاستیدا کێ وڵات بەڕێوە دەبات.
ئەم بۆشاییە شەڕێکی توندی لە نێوان باڵە ناکۆکەکاندا دروس کردووە. پزیشکیان، قاڵیباف و فەرماندەکانی سپا بەهۆی داڕمانی ئابووری، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و مەترسیی تەواوبوونی پاشەکەوتی خۆراک و دەرمان، پێداگری لەسەر ئاگربەست و دانوستان لەگەڵ تڕامپ دەکەن؛ تا ئەو ڕادەیەی پزیشکیان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و موجتەباش بە ناچاری و بە مەرج ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.
لە بەرانبەر ئەو ڕەوتەشدا، کەمینەیەکی توندڕەو ئەم هەوڵانە بە "کوودەتا" دژ بە ڕێبەر دەزانن و لە دژی وەستاونەتەوە.
نیویۆرک تایمز زیادی کرد ئەم قەیرانە نیشان دەدات کە لە نەبوونی عەلی خامنەییدا، هێزی ڕەهای تاکەکەسی کۆتایی هاتووە و فەرماندەکانی سپا دەسەڵاتی خۆیان چەسپاندووە و بڕیارەکان بەرەو ڕەوتێکی بەکۆمەڵ چوون. ئێستا دەستنیشانکردنی داهاتووی موجتەبا لە دەزگای داد و دەنگوڕەنگی ڕێژیم، ئاراستەی کۆتایی و چارەنووسی ململانێی باڵەکان دیاری دەکەن.