کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزیشکییان ڕوو لە موجتەبا خامنەیی: ئەگەر دانوستان قەبووڵ نەکەی دەست لەکار دەکێشمەوە

11:10 - 14 پووشپەڕ 2726

نیویۆرک تایمز لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ڕێژیمەوە بڵاوی کردەوە کە مەسعوود پزیشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم لە هەڕەشەیەکی جیددی و تونددا ڕوو لە موجتەبا خامنەیی وتوویەتی لە ئەگەری قەبووڵنەکردنی دانوستاندا، دەستلەکارکێشانەوە ڕادەگەیەنم.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو هەڵوێستەی پزیشکییان دەرخەری قووڵیی کێشە نێوخۆیی و گوشارە سیاسییەکانی پێش گەیشتنی تاران و واشینگتۆن بە ڕێککەوتننامەی مانگی ژوئەنە.

ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەو چوار بەرپرسەی ڕێژیم، نووسیویەتی: "پزیشکییان لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ پێش ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانەدا، بە موجتەبا خامنەیی ڕاگەیاندبوو کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی بەربڵاوی ئابووریی ئێران".

هەروەها سەرۆککۆماری ڕێژیم ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر ئەو دۆخە هەنووکەییە بەردەوام بێت، سەقامگیریی ڕێژیم ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە و ئیتر دەوڵەت توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نامێنێت.

شایانی باسە دۆخی نێوخۆیی ڕێژیم بە تەواوی ئاڵوز بووە و بێ متمانەیی و ترس لە ڕووخان سەرتاپای دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گرتووەتەوە.

هەروەها دۆناڵد ترامپ چەند جار باسی لەوە کردبوو کە لە ڕێککەوتننامەی ئەم دواییانەی نێوان تاران و واشینگتۆندا، ڕێژیم هەموو داخوازی و داواکارییەکانی ئەمریکای قەبووڵ کردووە.