کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ١٠٠ لەسەدی نرخی کەرەستەی خانوو و تێچووی ژیان لە ئێران

12:12 - 14 گەلاوێژ 2726

سەرۆکی ئەنجومەنی پیشەیی شیرکەتەکانی بیناسازی لە تاران ڕایگەیاند لە دوای ڕووداوە سەربازییەکانی دوایی، نرخی کەرەستەی خانوو دروستکردن لە ئێران تا ١٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ئیرەج ڕەهبەر ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستە پترۆشیمیاییەکان و دەستکەوتەکان، توانای دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ نەماوە و تێچووی دروستکردنی هەر میترێک خانوو لە تاران گەیشتووەتە ٥٥ تا ٧٠ میلیۆن تمەن.

هاوکات ئامارەکانی هەواڵدەریی "ئیسنا" نیشانی دەدەن کە کرێی نیشتەجێبوون لە شارە گەورەکاندا گەیشتووەتە ٥٠ تا ٧٠ لەسەدی کۆی داهاتی بنەماڵەکان، ئەمەش گوشارێکی ئابووریی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتییان و کرێچییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "ئیتلاعات" بڵاوی کردووەتەوە کە نرخ و بڕی تێچووی ئاو و کارەبا لە مانگەکانی جۆزەردان و پووشپەڕدا بە ڕێژەی ٣٠٠ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، کەمکردنەوەی ئاستی ستانداردی بەکارهێنان بووەتە هۆی ئەوەی بڕی تێچووی کارەبای زۆربەی بنەماڵەکان لە ٣٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ سەرووی ٨٠٠ هەزار تا میلیۆنێک تمەن بەرز ببێتەوە و ئەگەری ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵایەتی زیاتر کردووە.