کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی لەسەر گەرووی هۆرمۆز نزیک دەبنەوە

12:14 - 14 گەلاوێژ 2726

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری سەرچاوەکانی ناوچەکە و بەرپرسێکی ئەمریکا بڵاوی کردەوە کە واشنگتۆن، تاران و مەسقەت لە ئامادەکاریی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی کاتیی ٦٠ ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئامانج لەم هەنگاوە نوێکردنەوەی ئاگربەست و ڕێگەخۆشکردن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانە.

بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕێگەی ئاوەکانی ئێران و عومانەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەڕێوە دەچێت و لەم ماوەیەدا هیچ باجێک وەرناگیرێت.

هەروەها هەردوو لایەن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا کار بۆ پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان لە هێڵی ناوەڕاستی گەرووەکە دەکەن تا لە ڕێککەوتنی هەمیشەییدا بێتە ڕێڕەوی سەرەکی.

ئاکسیۆس هەروەها ڕایگەیاند ئەم ڕێککەوتنە نوێیە، بەشێک لە داواکارییەکانی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی زیاتر بەسەر هاتوچۆی گەرووی هۆرمۆزدا دەستەبەر دەکات.

ئەم پێشچوونە لە دوای زنجیرەیەک پەیوەندیی تلفۆنیی ڕاستەوخۆ لە نێوان نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دەرەوەی عوماندا هات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕیاری کۆتایی لەلایەن ڕێبەرایەتی ئێرانەوە پەسەند کراوە.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لەکاتێکدایە کە ترامپ هۆشداری دابوو لە ئەگەری نەبوونی ڕێککەوتن، فەرمانی هێرشی سەربازیی بەربڵاو دەردەکات.