کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکانی یەمەن نەوتهەڵگرێکی دیکەی عەرەبستانیان لە دەریای سوور کردە ئامانج

12:16 - 14 گەلاوێژ 2726

گرووپی چەکداری تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، لە بیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە نەوتهەڵگرێکی عەرەبستانی سعوودی بە ناوی «وەفا»یان لە باکووری دەریای سوور و لە ناوچەی یونەبەع کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژ، گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن لە بیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "لەم ئۆپەراسیۆنەدا چەند مووشەکێکی بالستیکمان بەکار هێناوە و بە وردی ئامانجەکەمان پێکاوە".

ئەو گرووپە لەم بیاننامەیەدا ڕایگەیاند کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هاوکێشەی «گەمارۆ لە بەرانبەر گەمارۆدا» ئەنجام دراوە.

شایانی باسە، گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان ڕۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە دوو دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆی عەرەبستانیان لە شارەکانی یونەبەع و جیزان لە کەناراوەکانی دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە دوای ئەو هێرشە ڕایگەیاند، "هێزەکانیان دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەرکەوتوویان بە بەکارهێنانی دەیان مووشەکی بالستیک، کرووز و دڕۆن بۆ سەر ئەو دامەزراوە هەستیارانەی گەورەترین شیرکەتی نەوتی جیهانن ئەنجام داوە".

هەروەها لە وڵامی ئەم هێرشانەدا، هێزی ئاسمانیی دەوڵەتی یاسایی یەمەن کە لەلایەن عەرەبستانەوە پشتیوانی دەکرێت، بنکەکانی هەڵدانی مووشەک و دڕۆن و کۆگاکانی چەکی حوسییەکانی لە پارێزگاکانی مەئریب و جەوف بۆردوومان کرد.