بەپێی ڕاپۆرتی "تجارەتنیوز"، پێنوێنی چارەڕەشی (کۆکراوەی هەڵاوسان و بێکاری) لە ئێران لە بەهاری ۱۴۰۵دا گەیشتە ٩٠ لەسەد و لە مانگی پووشپەڕدا بۆ ٩٦ لەسەد بەرز بووەوە.
ئەم ئامارە جیاوازییەکی قووڵ لە ناوچە جیاوازەکان نیشان دەدات؛ بە جۆرێک کە لە پووشپەڕدا پێنوێنی چارەڕەشی لە ۱۹ پارێزگادا ئاستی ١٠٠ لەسەدی تێپەڕاندووە و جیاوازیی نێوان تاران ٨٣.٥ لەسەد و سەرێی خشتەکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٧ لەسەد.
لە ناو ئەم وێنە گشتییەدا، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونهتە ناوچەی هەرە قەیراناوی و پلەکانی سەرەوەیان داگیر کردووە.
ئیلام لە بەهاردا بە پێنوێنی ١١٣.١ لەسەد (هەڵاوسانی ١٠٤.٩٪ و بێکاریی ٨.٢٪) پلەی یەکەمی لە ئێراندا هەبووە و لە پووشپەڕدا بۆ ١٢٠.٦ لەسەد بەرز بووەتەوە.
پارێزگای لوڕستان بە پێنوێنی چارەڕەشی ١١١.٥ لەسەد لە بەهاردا لە پلەی دووەم بووە کە لە پووشپەڕدا بووەتە ١١٨.٩ لەسەد.
پارێزگای سنە لە بەهاردا بە ١١١.١ لەسەد لە پلەی سێیەمدا بوو و لە پووشپەڕدا گەیشتە ١١٧ لەسەد.
لەلایەکی دیکەوە، کرماشان بەهۆی هەڵاوسانی بەرز و بێکاریی ١١.٩ لەسەد، لە بەهاردا پێنوێنی ١١٠.٣ لەسەد (پلەی چوارەم) و لە پووشپەڕدا ١١٦ لەسەدی تۆمار کرد.
هەروەها پارێزگای ورمێ لە بەهاردا بە ١٠٤.١ لەسەد لە پلەی حەوتەم وەستا و لە پووشپەڕدا چوو بۆ سەرووی ١٠٨ لەسەد.
تێپەڕینی ئامارەکانی شارەکانی کوردستان بەتایبەتی لە ئاستی ١٠٠ لەسەد، نیشاندەری ئەوەیە کە گوشارە ئابوورییەکان بە شێوازێکی نابەرابەر دابەش بووە و لە ئەنجامدا، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر هاوشانی شڵەژانی بازاڕی کار لەم ناوچانەدا، قورسترین باری گوزەرانی خستووەتە سەر شانی خەڵکی کوردستان.