کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گومانی هەبوونی دەستی ئێران لە هێرشی بەربڵاوی سایبێری بۆ سەر تۆڕەکانی ئاوی ئەمریکا

09:04 - 15 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی "سی‌بی‌ئێس" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، هێرشی سایبێری بۆ سەر سیستمەکانی ئاو لە لانیکەم ۱۲ ویلایەتی ئەمریکا تۆمار کراوە کە بەرپرسان گومان دەکەن لەلایەن ئەو هەکێرانەوە ئەنجام درابێتن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

ویلایەتەکانی میشیگان، مینێسۆتا، جۆرجیا، نیوجێرسی و داکۆتای باشوور لەنێو لیستەکەدان و تەنیا لە مینێسۆتا زیاتر لە ۳۰ سیستەمی ئاوی ناوچەکە تووشی ئاستەنگ بوون.

لە ویلایەتی جۆرجیا، هێرشەکە بووەتە هۆی دابەزینی پەستانی ئاو و دەسەڵاتدارانی ناچار کردووە هۆشداریی کوڵاندنی ئاو دەربکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەکێرەکان لە ڕێگەی دوورەوە دەستیان بە پۆمپ، شێرەی ئاو و پەستانی ئاو گەیشتووە و کۆنتڕۆڵی ئۆتۆماتیکی هەندێک وێستگەیان لەکار خستووە، بەجۆرێک ئۆپێراتۆرەکان ناچار بوون سیستەمەکە بخەنە سەر دۆخی دەستی.

دەزگا فیدراڵییەکانی وەک FBI و ئاژانسی ئەمنییەتی سایبێری هۆشدارییان داوەتە ڕێکخراوەکانی ئاو تا سیستەمەکانیان لە ئینتێرنێت داببڕن و کۆدی نهێنی بگۆڕن.

ئەگەرچی لێکۆڵەران هێشتا بەڕەسمی ئێران تۆمەتبار ناکەن، بەڵام ئەم تاکتیکانە هاوشێوەی پەلامارەکانی گرووپی "CyberAv3ngers"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانن لە ساڵی ۲۰۲۳، کە ڕێڕەوی کۆنتڕۆڵکردنی سیستەمەکانی ئاویان لە ئامانج گرتبوو.