دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئامریکا ڕایگەیاند کە پێی باشترە لەجیاتی کردەوەی سەربازیی زیاتر بەرانبەر ئێران، ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بدۆزرێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران نەگۆڕاوە.
ترامپ لە وتارێکدا لە لاس ڤێگاس ڕایگەیاند: "دەمەوێت بگەینە ڕێککەوتن، چونکە نامەوێت خەڵک بکۆژرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی گوشارە سەربازییە بەردەوامەکانی ئامریکا بەر لە ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە، تارانی ناچار کردووە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان، بەتایبەت لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە سەبارەت بە ڕێڕەوی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هۆرمۆزەوە لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
هاوکات کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتن لەگەڵ مەسقەت نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای کردنەوەی تەواوەتی گەرووکە نایەت.
گەرووی هۆرمۆز کە ڕێڕەوێکی ستراتێژییە و ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، دوای ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئامریکا، ئیسرائیل و ئێران، چەندین جار لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە ئاستەنگی بۆ دروست کراوە.