ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە ئێرانەوە دەریدەخەن کە تێچووی کارەبای بەکارهاتوو لە مانگی پووشپەڕدا بەراورد بە مانگی پێشووتر سێ تا چوار بەرابەر زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی یەک میلیۆن تمەن.
بنەماڵەیەک کە لە جۆزەرداندا تێچووی کارەباکەی ۳۰۰ هەزار تمەن بووە، لە پووشپەڕدا تووشی تێچووی ۸۰۰ هزار تا یەک میلیۆن تمەنی بووە.
لە کاتێکدا پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ڕێژیم بە بیانووی تێپەڕاندنی "نەخشەی بەکارهێنان" (الگوی مصرف)، گوشاری دارایی لەسەر هاووڵاتییان چەندبەرانبەر کردووەتەوە.
مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی، وتەبێژی پیشەسازیی کارەبای ڕێژیم بەرزبوونی لەناکاوی نرخەکانی ڕەت کردەوە و ئەو تێچووە قورسانەی بۆ سەرپێچیی هاووڵاتییان لە ئاستی دیاریکراوی بەکارهێنان گەڕاندەوە.
ئەم بەرزبوونهوە بەرچاوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لەکاتێکدایە کە بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژم لە ناوچەکەدا و هەڵکشانی ڕێژەی هەڵاوسان، ژیانی هاووڵاتییان ڕووبەڕووی داڕمانی دارایی بووەتەوە.
شارەزایان پێیان وایە کە ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و تێچووی سەرکێشییە سەربازییەکانی، ڕاستەوخۆ دەستی بردووە بۆ گیرفانی خەڵک و بارگرانییەکان دەخاتە سەر شانی خەڵک.