ڕۆژی هەینی ٩ی گەلاوێژ، مەلا قادر مەحمودی ناسراو بە مەلا "قادری زووران"، کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران کۆچی دوایی کرد.
حاجی مەلا قادر جگە لەوە کە مامۆستایەکی ئایینی بوو، کەسایەتییەکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و کۆمەڵایەتی بوو.
ناوبراو لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی ٤٦ـــ٤٧ پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتەوە گرتووە و لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی ئەوکاتی حیزب، دۆستایەتی و هاوڕێیەتی نزیکی هەبووە.
ناوبراو لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بۆ ماوەی چەند ساڵ کادری بەشی کۆمەڵایەتیی کۆمیتە شارستانی سەردەشت بووە.
دواتر بەهۆی گیروگرفتی بنەماڵەییەوە لەسەر ئیزنی حیزب چووەتەوە نێوخۆی وڵات و لەگەڵ ئەوەشدا تا دوا ساتەکانی ژیانی بە حیزب و ڕێبازی ڕزگاریخوازنەی گەلەکەی وەفادار مایەوە.
مامۆستا قادر یەکێک لەو مامۆستا بە هەڵوێستانەی ناوچەی سەردەشت بوو کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا وێڕای بەشداریکردن لە واژۆکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینی بۆ پشتیوانی لەو شۆڕشە، لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆی ڕەخسابایە، لە دەربڕینی هەستی نیشتمانپەروەری درێغی نەدەکرد.
ناوبراو ئاواتی هەرە گەورەی ئەوەی بوو کە ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە چاو ببینیێ و لە کوردستانی ڕزگارکراودا هەناسەی ئازادی هەڵمژێ، بەڵام مخابن تەمەن مەودای نەدا کە ئەم ئاواتەی بەدی بێت.
تەرمی ناوبراو بە بەشداریی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.