ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی مانگانەی لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران تایبەت بە مانگی جوولای ٢٠٢۶ بڵاو کردەوە کە نیشان دەدات لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا شتێک بە ناوی ڕەچاوکردنی مافی ژنان بوونی نییە و هەڵاواردنی ڕەگەزیی لەو سیستەمەدا، زیاتر لە هەموو کاتێک زەقتر و بەرچاوترە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جوولای ٢٠٢۶دا لانیکەم ۱۱ چالاکی ژن دەسبەسەر کراون و ۱۷ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەو ماوە زەمەنییەدا، لانیکەم ۱۲ حاڵەتی ژنکوژی و ۲ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان و هەروەها کوشتنی حکوومەتیی دوو ژنی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە.
لەو مانگەدا، ژنێک بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە ناوی ئەعزەم گرامی خەڵکی یاسووج و ژنێکی دیکە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بە ناوی ستایش محەممەدپوور، خەڵکی جەهرۆم، لە سێدارە دراون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، دوو ژنی کورد و خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی مریەم ئەسڵانی و سومەیە تەوەکولی، کە دایک و کچ بوون لە ڕێگای بانە بۆ مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراون.
هەروەها لانیکەم ۱۱ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە ۸.۵٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی ئەو مانگە پێک دێنن و لەو ڕێژەیەش ١١ ژنیان کورد بوون.
لەو مانگەدا، مەهناز چاردۆلی لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و سەرجەم ۱۷ ژن سزای ۶۵ ساڵ و ۳ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکران و سێ ژنی دیکەش سزای لێدانی سەرجەم ۱۳۵ قامچییان بەسەردا سەپێندراوە کە لەو ڕێژەیەش ٤یان کورد بوون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لانیکەم ۱۲ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیان ڕووی داوە، کە بە جیاکاری بەپێی پارێزگاکان بەو شێوەیە؛ پارێزگای ورمێ: ۳ حاڵەت، هەرکام لە پارێزگاکانی ئازەربایجان، سنە و قەزوێن هەر یەک دوو حاڵەت و پارێزگاکانی خوراسانی باشوور، خوراسانی ڕەزەوی و خووزستان: هەر یەک ۱ حاڵەت.