جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" دانی بەوەدا نا کە وتووێژەکان لەگەڵ ئێران خاو و ئاڵۆزن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، هاوشێوەی پرۆسەیەکە کە "هەنگاوێک بەرهو پێشەوە و دوو هەنگاو بەرەو دواوە" هەنگاو دەنێت.
ڤانس ئاستەنگ و بەربەستەکانی پرۆسەکەی بۆ ناکۆکییەکانی نێو دەسەڵاتدارانی ئێران گەڕاندەوە و ڕایگەیاند کە هەندێک لە بەرپرسانی تاران خوازیاری کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانن، لە کاتێکدا لایەنە ڕادیکاڵەکان هەوڵی بەردەوامبوونی دەدەن.
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە ئەرکی سەرەکیی واشنگتۆن تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگانەیە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام بۆ خەڵکی ئەمریکا.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لە هێواشیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ڤانس گەشبینیی خۆی دەربڕی کە دەوڵەتەکەیان لە کۆتاییدا دەگاتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا بێت.
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە پرۆسەکە کاتی پێویستە، بەڵام پێشبینی دەکات نرخی نەوت ڕوو لە دابەزین بکات و دووپاتی کردەوە کە ئێران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و ئەمریکا سەرجەم ئامرازە سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت.