کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو دەکات

14:41 - 15 گەلاوێژ 2726

ئێران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی کەنداو کە هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، ڕووبەڕووی وڵامدانەوەی توند و ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی تەواوی ناوچەکە دەبێتەوە.

تاران لە ڕێگەی دروستکردنی مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنگتۆن، هەوڵ دەدات تێچووی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازیی ئەمریکا تا ئاستێکی مەترسیدار بەرز بکاتەوە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیدا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە گوشار بخەنە سەر دونالد ترامپ تا لە هێرشکردن پاشگەز بێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هۆشدارییانە بووەتە هۆی ئەوەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستان لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا داوا لە ترامپ بکات هێرشە سەربازییەکان ڕابگرێت و ڕێگە بە دیپلۆماسی بدات.

لە بەرانبەردا، ترامپ ڕایگەیاندووە بەمەرجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی خێرا، هێرشەکانی هەڵپەساردووە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێران هۆشداریی توندی داوە بەوەی ئامادەیە ڕووداوەکەی ساڵی ٢٠١٩ی سەر دامەزراوەکانی "ئارامکۆ" دووبارە بکاتەوە و هێرشی وێرانکەر بکەتە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو.

ئەم هەڕەشە ڕاستەوخۆیەی تاران، ئەو وڵاتانەی کەنداو کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدایە، خستووەتە ژێر گوشارێکی زۆر دژوارەوە.

لە بەرانبەردا ڕیاز وڵامی ئەو هەڕەشانەی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە هەر هەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی خاکی عەرەبستان، بە هێرشی سەربازی وڵام دەداتەوە.