لە ڕووداوێکی مێژووییدا و بۆ یەکەمجار، وەرزشوانانی کورد بە ناوی تیمی "کوردستان" بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەشدارییان لە پاڵەوانییەتیی جیهانیی تێکواندۆ لە سیئولی پایتەختی کۆرەی باشووردا کرد.
لەم ڕووداوە وەرزشییە گەورەیەدا کە زیاتر لە ٦ هەزار وەرزشوان لە ٦٠ وڵاتی جیاوازی جیهانەوە تێیدا ڕکابەرییان دەکرد، "یەڵدا قادری"، وەرزشوانی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت.
یەلدا قادری کە لەو پاڵەوانییەتییە لە بەشی "شکاندنی هێز" بەشداری کردبوو، توانی ئاستێکی باڵا پێشکەش بکات و میداڵی زیو بۆ خۆی و کوردستان مسۆگەر بکات و لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەشدا، ئاڵای پیرۆزی کوردستانی بەرز کردەوە.
هاوکات تەواوی تیمی کوردستان لە پاڵەوانیەتیی جیهانیی هەنمەدانگی ٢٠٢٦دا توانییان چەندین میداڵی دیکەی بەنرخ بۆ کوردستان بەدەست بهێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، "هێمن مێهدی قادر"، بەرپرسی تیم و ڕاهێنەر، توانیی میداڵی زیو لە جۆری "شکاندنی خێرا" بەدەست بهێنێت، هەروەها "بێنیامین ئیمان" لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵدا دوو میداڵی زێڕ و بڕۆنزی بەدەست هێنا.
لە لایەکی دیکەوە، وەرزشوان "ئامد" لە تەمەنی سەروو ١٨ ساڵدا پلەی دووەم و میداڵی زیوی بۆ تیمی کوردستان مسۆگەر کرد.