بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، هێزی سەرکوتکەر و دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕێژیم لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاونیشتمانیی لە سەرانسەری کوردستان یان دەسبەسەر کردووە و یان سزای نادادپەروەرانەی بەسەردا سەپاندوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ٩ هاووڵاتی بە ناوەکانی، یاسین سەرفەراز ١٧ ساڵە، سەید عەلیڕەزا سەیدی ٢٦ ساڵە، عادڵ ڕەئیسی قەنەواتی، ئارەش میرزایی ١٩ ساڵە، عەلی بەراتی ٢٥ ساڵە، ئەمیرمێهدی نەعیمیفەر ١٨ ساڵە، مێهدی ڕۆستەمی ٢٥ ساڵە، بێهرووز ئیزانلوو ٤٣ ساڵە، زەینەب ئیزانلوو ١٦ ساڵە سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندراوە.
سزای ئەو هاونیشتمانییە کوردانەی خوراسان بەو شێوەیە:
بێهرووز ئیزانلوو ٤ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران، لێدانی ٨٠ قامچی و ٨٠ میلیۆن تمەن سزای پێبژاردن،
زەینب ئیزانلوو، ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران،
مێهدی ڕۆستەمی، ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو،
سەید عەلیڕەزا سەیدی، ٣ساڵ بەندکرانی داسەپاو،
ئەمیرمێهدی نەعیمیفەر، ١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و ٥٠ میلیۆن تمەن پێبژاردن،
یاسین سەرفەراز، ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران،
عەلی بەراتی، ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران،
ئارەش میرزایی، بە ٣ ساڵ بەندکران،
و عادڵ ڕەئیسی قەنەواتی، ٩ مانگ بەندکران
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی ماهان سەیفی، خەڵکی شاری دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی ئەو ماڵپەڕە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەش هاووڵاتی بە ناوەکانی موبین کەریمی، میلاد مروەتی، عەبدوڵا پەشابادی، فواد شادی، پەیام حوسێنی و ئیسماعیل خاتری، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لەو پێوەندییەدا باسی لە ناڕوونیی چارەنووسی ژنە بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سنە بە ناوی مۆنا مەلەکی لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کردووە.