کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی عەرەبستان لەلایەن حوسییەکانەوە

09:29 - 16 گەلاوێژ 2726

سەرلەبەیانیی ئەمرۆ هەینی ١٦ی گەلاوێژ، گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن هێرشی کردە سەر چەند ئامانج لە باکوور و باشووری عەرەبستان و بەو هۆیەوە ١١ کەس لە خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە بریندار بوون.

هاوپەیمانیی سەربازیی وڵاتانی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سعوودی لەوبارەوە ڕایگەیاند کە "۱۱ هاووڵاتیی مەدەنی لە نوێترین هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر پارێزگای نەجران لە باشووری ئەو وڵاتە بریندار بوون".

وتەبێژی ئەم هاوپەیمانییە ڕایگەیاند کە ٧ هاووڵاتیی سعوودی، لەوانە ژنێک و منداڵێکی چوار ساڵان، لەم هێرشانەدا بریندار بوون. منداڵە چوار ساڵانەکە تووشی سووتانی پلە دوو بووە. جگە لەوانە، هاووڵاتییەکی یەمەنی، دوو هاووڵاتیی میسری و هاووڵاتییەک پاکستانیش لە ناو بریندارەکاندا هەن.

لە ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە: «چەکدارە ێرۆریستەکانی حوسی ئەم هێرشە تێرۆریستییانەیان بە تۆپبارانی هەڕەمەکیی ئامانجە مەدەنییەکان ئەنجام داوە».

کەمتر لە کاتژمێرێک پێش پشتڕاستکردنەوەی برینداربوونی هاووڵاتییە مەدەنییەکان لەلایەن هاوپەیمانییەوە، بەرپرسێکی سەربازیی عەرەبستان هۆشداری دا و بە هەواڵدەریی ڕویتێرزی ڕاگەیاند کە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان نیشان دەدەن کە چەکدارە عێراقییەکان بە ڕێنمایی سپای پاسداران لەگەڵ حوسییەکان لەو هێرشەدا بەشدارییان کردووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ڕویتێرزدا هاتووە ئەو بەرپرسە باڵایەی سعوودی باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی چاوەڕوانی ئەوە بووە کە ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی هاواهەنگ و لە دوو ئاڕاستەی حوسییەکان لە باشوورەوە و چەکدارە عێراقییەکان لە باکوورەوە ئەنجام بدرێن.

شایانی باسە ئەم هەوڵە شەڕەنگێزییانەی حوسییەکان دەرخەری ئەوەیە کە لە هەر شوێن و جێگایەکی ناوچەکە و جیهاندا شەڕ و گرژییەک ڕوو بدات، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپا تێرۆریستییەکەی تێدایە.