لە دوای ڕاگرتنی شەڕ و هێنانە بەرباسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانەوە، محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕوو لە ترامپ وتی: "جارێکی دیکە شانۆی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا شکستی هێنا".
پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەو شانۆ دیپلۆماسییەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات، بە تەواوەتی شکستی هێناوە".
ئەم قسانەی سەرۆکی مەجلیسی ئێران دوای ئەوە بوو کە ڕۆژی پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند: "دەمەوێت لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێککەوتن، چونکە نامەوێت خەڵک بکوژرێت، ئێمە پلانمان بۆ گەورەترین هێرش لە دژی ئێران داڕشتبوو کە دەبووە گەورەترین هێرشی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەڵام ئەوان پەیوەندییان پێوە کردین و داوایان کرد هێرش نەکەین و دەست بە دانوستان بکەین".
سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەو داوایە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: "هەرچەندە ئەوان دەڵێن شتی وامان نەوتووە، هەروەها میدیا و هەواڵە ساختەکانیش ئەو ڕاستییە دەشارنەوە، بەڵام باش دەزانن کە ئێرانییەکان خۆیان ئەو داوایەیان کردووە، ئێستاش لە پرۆسەی دانوستانداین و دەبینین چی ڕوو دەدات".
هاوکات ترامپ بە پێداگرییەوە دووپاتی کردەوە کە "هێڵی سووری ئەوان ئاشکرایە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچکات باوەڕی بە دانوستان نەبووە، نییە و ناشبێت و تەنیا ڕێبازێک کە پەیڕەویی لێ کردووە، هەوڵی تێرۆریستی و لەنێوبردنی فیزیکیی بەرانبەرەکەی و هەڕەشەی سەربازی بووە، کە نموونەی هەرە بەرچاوی تێرۆرکردنی ڕێبەری گەلی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ و دانوستان بووە.