گرووپێک لە کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانە "مای ساتۆ" ڕێپۆرتنێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردن و لەسێدارەدانی کەمینە نەتەوەییەکان، بەتایبەت کورد و بەلووچەکان ڕابگرێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا، لانیکەم ٢٤ هاووڵاتیی بەلووچ و ٢٢ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون.
هەروەها ئاماژە بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکوانانی کورد لەوانە "پەخشان عەزیزی" و "وریشە مورادی"، لەگەڵ مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر پێنج زیندانیی دیکەی کورد و بەلووچ کرا کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانیان لێ وەرگیراوە.
ئەو کارناسانە جەختیان کردەوە کە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەتایبەت کورده سونییەکان و پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە کاتی ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا زیاتر دەکرێنە ئامانج و وەک مەترسی بۆ سەر ئەمنییەتیی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن.
بەیاننامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاران تۆمەتەکانی وەک "سیخوڕی"، "بەغی" و "موحاربە"ی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی بە بەکارهێناوە.
هەروەها ئاماژە بە فراوانبوونی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ "سەرکوتی دەرەوی سنوور" لە ڕێگەی دەسبەسەرداگرتنی ماڵوموڵکی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات و دەرکردنی سزای غیابی بۆ ٣٧ سەرکردە و چالاکوانی کورد کراوە.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کرد تاران ڕێز لە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و کۆتایی بە ڕەفتاری بێبەزەییانە و جیاکاری دژی کەمینەکان بهێنێت.